٢٥ ئەیلوول ٢٠١٦ - ٠٨:١٢
وەلید موعەلیم: تیرۆریزم بە داکۆکیی قەتەر، عەرەبستان و تورکیا لە سووریا پەرەی سەند

وەزیری دەرەوەی سووریا وتی: ئەگەر داکۆکیی و پشتیوانیی قەتەر و عەرەبستان و هاوڕێیەتی تورکیا نەبوایە، تیرۆریزم لە سووریا پەرەی نەدەسەند.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی سووریا (سانا)؛ وەلید موعەلیم ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئیتر ئەوە لە کەس شاراوە نییە کە قەتەر و سعودیە بە هەر شێوە و شیوازێک بووە داکۆکی لە تیرۆریستان دەکەن و شانازیش بەو کارەیان دەکەن.
موعەلیم وتیشی: ئەم دوو وڵاتە هەزاران بەکرێگیراوی چەکداری تەیار بە پێشکەوتووترین چەکیان بەڕێ کرد بۆ سووریا و تورکیایش سنوورەکانی خۆی کردەوە بۆ دەیان هەزار تیرۆریست لە سەرانسەری جیهانەوە.
ناوبراو وتیشی: هێزەکانی سوۆپای سوریا بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان بەرەنگاری تیرۆریزم دەبنەوە و تا بنەبڕ کردنی ئەم دیاردە تووش و دزێوە درێژە دەدەن بە خەباتەکەیان.

وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەیشی کردە داکۆکیی ئاشکرای ئەمریکا لە تیرۆریزم و وتی؛ دەسدرێژی ناجوامێرانە بۆ سەر دەیرووزوور (هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی سووریا) ئەوەی سەلماند کە ئەمریکا و تیرۆریستانی داعش لە یەک بەرەدان. بە هۆی پەلاماری دووشەممەی ڕابردوو (١٩ی سێپتەمبەر)ی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژە داعش بۆسەر بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگەی دەیروزوور، دەیان سەربازی سووریایی کوژران.

وەلید موعەلیم هەروەها سەبارەت بە سیاسەتی دەسدرێژکارانەی ئیسراییل لە ناوچەیش وتی؛ سووریا خوازیاری پاک بوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە چەکی کۆکوژە و بەردەوام سوور و پێداگر بووە لە سەر ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنی بە جبەخانە ئەتۆمییەکەی، هەڕەشەیەک بۆ سەرانسەری ناوچە دێتە ئەژمار.....

کۆتایی کورتە نامە/310